نێچیرڤان بارزانی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ کلاودیۆ کۆردۆن جێگرى نوێنه‌رى تایبه‌تی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق بە وەکالەت، كرد.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ، نێچيرڤان بارزانى و کلاودیۆ کۆردۆن، ده‌رباره‌ى ئه‌ركى تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌و ماوه‌يه‌ى له‌ كاتى مانه‌وه‌يان له‌ عێراق ماوه‌ بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانيان تاوتوێ كرد.

هەر لە راگەیێندراوی سەرۆكایەتی هەرێم هاتووە، نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕينى سوپاس و پێزانين بۆ ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و هاوكارى و پشتگيرييان له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ناو و پێگه‌ و نوێكردنه‌وه‌ى ڕه‌وايه‌تيى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگ و پێويسته‌ و جه‌ختى له‌ به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌يه‌كى ده‌نگدانى پاك و ڕوون به‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ كۆردۆن ستايش و پێزانينى تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى بۆ ڕۆڵ و هه‌وڵه‌كانى نێچيرڤان بارزانى و مامه‌ڵه‌ى دروست و واقعيانه‌ى له‌گه‌ڵ پرسى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا نيشان دا و پابه‌نديى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى به‌ پشتگيرى له‌ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگدان دووپات كرده‌وه‌.

بەپێی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دوا كۆبوونه‌وه‌ى كۆمسيۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.