هەولێر – نۆرس پرێس
پاش ئەوەی لەماوەی رابردوودا، گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتانی تورکیا و یۆنان روویان لە زیادبوون کرد، شەوی رابردوو دەسەڵاتدارانی تورکیا یەکەکانی پاسەوانی وڵاتی یۆنانیان بەوە تۆمەتبارکرد کە کەشتییەکی بازرگانی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە ئاژانسە تورکییەکان بڵاویان کردووەتەوە، لەناو دوو کەشتی یۆنانییەوە تەقە لە کەشتییەکی بازرگانییان کراوە و دەشڵێن، “لە کاتێکدا بووە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی لە دوورگەیەکی تورکیادابووە.”
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی رایگەیاند، کەشتیەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانەوە لە دووری 11 کیلۆمەتر لە بۆزجادای چانکالا لەلایەن ھێزی دەریای یۆنانەوە تەقەی لێکراوە.
هاوکات، باس لەوەشکراوە، دوای گەیشتنی دوو کەشتی پاسەوانی تورکیا، کەشتییە یۆنانییەکە ناوچەکەی جێهێشتووە و هیچ کوژراو و بریندارێک بوونی نەبووە بەهۆی رووداوەکەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەم دواییانەدا گرژییەکان لە نێوان یۆنان و تورکیادا پەرەی سەندووە، تا ئەو رادەیەی کە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، وڵاتەکەی هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر ئەگەر هەڕەشەکانی یۆنان لە دژی بەردەوام بێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە “دانبەخۆداگرتن سنووری هەیە.”
وهزارهتی بهرگری تورکیا رایگهیاندبوو، کاتێک فرۆکهکانیان له ئاسمانی نێودهوڵهتیدا دهفڕن، له لایهن سیستهمی بهرگریی یۆنان له دوورگهی کریت “ههراسان” کراون.
هەروەها، ئەنکەرە دەڵێت یۆنان بە شێوەیەکی نایاسایی دوورگەکانی لە رۆژهەڵاتی ئیجە پڕچەک دەکات، کە بە پێی پەیمانی لۆزانی ساڵی 1923 و پەیمانی پاریس لە ساڵی 1948 دەبێت ئەو ناوچانە لەچەک داماڵررێن.
هاوکات، لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی یۆنان تەواوی ئەو لێدوانانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەکرێن رەتدەکەنەوە و بە دروستکردنی تۆمەت ناوی دەبەن و دەسەڵاتدارانی یۆنان سکاڵایان گەیاندووەتە رێکخراوی باکووری ئەتڵەسی و یەکێتی ئەوروپا لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیاوە.
ئەمەش لەکاتێکایە، تورکیا و یۆنان کە هەردووکیان ئەندامی ناتۆن، دەیان ساڵە ناکۆکییان لەسەر بابەتی خاک و ئاسمانی دەریای ئیجە هەیە.