مەسرور بارزانی و نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق بە وەکالەت پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە کلاودیۆ کۆردۆن، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق بە وەکالەت کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان “بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق بە وەکالەت، سوپاسی پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئامادەکارییەکان و هەماهەنگیکردنی باشی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەپێناو ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازادانە و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری کرد، بۆ ئەم مەبەستەش جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی کردەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی کارا چاودێريی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت”.