خۆسەری: هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆلێرا پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیە

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی تەندروستی لە بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هۆکاری کۆلێرا لە رەققە و دێرەزور؛ پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیە.

بەهۆی گلدانەوەی ئاوی رووباری فورات لەلایەن تورکیاوە، ئاوی رووبارەکە بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزیووە، کە زیاتر بە گۆماوێک دەچێت، دانیشتووانی ناوچەکە ئەمە بە “کارەساتبار” ناودەنێن و هەر بەم هۆیەشەوە ئاوی خواردنەوە پیس بووە.

جوان مستەفا، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی لە بەڕێوبەری خۆسەر، وتی “ئەو حاڵەتانەی تووشبوون بە کۆلێرا کە لە گوندەواری ڕۆژئاوای دێرەزوور تۆمارکراون، بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە بووە.”

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی بەڕێوبەری خۆسەر، ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەکەیان لەم بوارەدا بەردەوامە لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی.

جوان ئاماژەی بەوەدا، تووشبووانی کۆلێرا لە نەخۆشخانەی ئەلکەسرە کە 35 کم لە ڕۆژئاوای دێرەزوورەوە دوورە، چارەسەر وەردەگرن و بەشێک لە تووشبووانی چاکبووەوە لە نەخۆشخانەکە دەرچوون.

جەختیشی كردۆتەوە لەسەر پەیڕەوكردنی ئامرازەكانی خۆپارێزی و زانینی سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە پێش بەكارهێنانی، هەروەها شۆردنەوەی سەوزە بەباشی بە كلۆر، بەپێی بەیاننامەكەی.

دوێنێ شەممە، دەسەڵاتی تەندروستی لە بەڕێوبەری خۆسەری تۆمارکردنی سێ حاڵەتی مردنیان بە کۆلێرا  لە رەققە و دێرەزوور، راگەیاند.

جوان داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، و لەسەرووی هەموویانەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، کرد  کە پاڵپشتی پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە پێشکەش بکەن.

دوێنێ شه‌ممه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی پزیشكی، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌لكه‌سره‌وه‌، له‌ گوندەواری رۆژئاوای دێره‌زوور، به‌ نۆرس پرێسی راگه‌یاند، كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ “لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ 50 حاڵه‌تی گومانلێكراوی كۆلێرا ئه‌نجامداوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ 24 یان تووشبوون”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ناوچەکانی توشبوون لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور و ناوچەکانی سەر بە گوندەواری رۆژهەڵاتی رەققەدا، چڕبوونەتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی