“مەسەدە” هۆشداری دەدات كە سوریا نەبێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناكۆكی نێودەوڵەتییەكان
حەسەكە – نۆرس پرێس
ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات هۆشداری دا لەوەی كە سوریا نەبێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناكۆكیە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ناكۆكی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەهۆی کوشتنی بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هانیە لە تاران.
لەیلا قارەمان هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات هۆشداری دا لەوەی كە خاكی سوریا نابێت بكرێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناكۆكی نێوان زلهێزەکانی ناوچەكە.
بەپێی ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنەكە “مەسەدە” باسی لە هێرشی ئەم دوایەی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و میلیشیاكانی ئێران كرد، بۆ سەر هێزە كوردەكانی سوریای دیموكرات و ناوچەی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا.
ئەم قسانە لە کۆبوونەوەی نێوان ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای كوردستان لە حەسەکە كرا.
مەحمود موسلیت، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات باسی لە سەختی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە “كە ناكۆكی گەورە و ئاڵۆز لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام بۆ دژایەتی كورد و بەڕێوبەرایەتی خۆسەری ڕێکدەکەون”.