ئەمریكا هاوکاری و پشتیوانی و هەماهەنگی خۆی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دووپات کردەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمرۆ دووشەممە ، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و مێجەر تۆم ستاوفەر، یاریدەدەری پاشکۆی سەربازی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لەو دیدارەدا، وەزیری پێشمەرگە بەگرنگیەوە باسی لە دۆخی ئەمنی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد، هەروەها پەیوەست بە پرۆسەی چاکسازی وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند؛ چاکسازی بەردەوامە و جددین لە گەیاندنی پرۆسەکە بە دەرئەنجامی کۆتایی و دەمانەوێت یەک یەکەی ژمێریاری یەکگرتوو لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بنیات بنێن بە هاوکاری دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی.
لەبارەی درووستکردنی فیرقەکان ،وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: بەردەوامین لە بنیاتنانی فیرقەی زیاتر بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پێناو درووستبوونی هێزێکی نیشتمانی تۆکمە.
لە بەرامبەردا ، کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس سەبارەت بەو بەرەوپێشچوونانەی روویداوە لە پرۆسەی چاکسازیی دڵخۆشی خۆی دەربری، هاوکاری و پشتیوانی و هەماهەنگی زیاتری ووڵاتەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.