لە هەڵبژاردنەکانی سوێددا دەیەها کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە بەربژێرن

هێلسنکی- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سوێدییەکان بە مەبەستی بەشداریکردن لە سێ هەڵبژاردندا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان؛ هەڵبژاردنی پەرلەمان کە 100 پارتی سیاسی و بەربژێری سەربەخۆ رکابەرایەتیی یەکدی دەکەن، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی هەرێمەکان کە تێیدا 122 پارتی سیاسی و بەربژێری سەربەخۆ بەشدارن، هەروەها هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە تێیدا 321 پارت و بەربژێری سەربەخۆ بەشدارن، لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا دەیەها کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەربژێرن لەسەر لیستی پارت و لایەنی سیاسی جیاواز و هەندێکیش سەربەخۆ.

هەشت پارتی سەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارن کە بریتین لە پارتەکانی سۆسیال دیموکرات، پارتی چەپ، پارتی سەوز، پارتی سەنتەر، پارتی لیبراڵ، پارتی مۆدێرەیت، پارتی کریستیان دیموکرات، پارتی دیموکراتەکانی سوێد و سەربەخۆکان. نوێترین راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پارتی سۆسیال دیموکراتی سەرۆکوەزیران لە پارتەکانی دیکە زیاتر کورسی بەدەستدەهێنێت.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی سوێد % 19.7 ی دانیشتووانی سوێد کە زیاترە لە  دوو ملیۆن کەس، بە بنەچە خەڵکی دەرەوەی سوێدن و لەم نێوەشدا کوردەکان پشکێکی گەورەن.

زۆرترین ئەو رەوەندانەی لە سوێدن، بە بنەچە کوردن کە ئاماری روون و پشتڕاستکراویان دیار نییە، بەڵام ئامارە نافەرمیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم 100 هەزار کورد نیشتەجێی سوێدن. بێگومان ئەوەش رەنگدانەوەی لە تەواوی دەسەڵاتەکانی سوێددا هەبووە، بە دیاریکراویش دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکاری، بە جۆرێک کە لە ئێستادا 7  پەرلەمانتاری سوێد کوردن کە سەر بە پارتی جیاجیان و بەهەمان شێوەش زیاتر لە 100 ئەندامی شارەوانییەکان کوردن.

لە هەڵبژاردنی ئەمساڵیشدا زیاتر لە 15 کورد بۆ پەرلەمان و دەیانی دیکە بۆ شارەوانییەکان بەربژێرن.