بلینکن داوا لە عێراق دەکات سەربازە ئەمریکییەکان بپارێزێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی دووشەممەی ڕابردوو ، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە عێراق کرد بەرپرسیارێتی پاراستنی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی هاوپەیمانی لە هێرشەکانی میلیشیاكانی ئێران لە ئەستۆ بگرێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد شیا سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی لەو هەوڵانەی کرد بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە دوای ئەوەی تاران بەڵێنی دا وەڵامدانەوەی کوشتنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هانیە لە تاران بداتەوە.

دوێنێ دووشەممە، کۆشکی سپی پێشبینی کرد، کە ڕەنگە لەم هەفتەیەدا ئێران و میلیشیاكانی هێرش بكەنە سەر ئیسرائیل.

بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، بلینکن و سودانی باسیان لە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان کردووە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ ناوچەکە و گرنگی دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی ناوچەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا هاوڕابوون بۆ پەیوەندی و ڕاوێژکاری سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق.

 داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە