بەهۆی بۆردومانێکی “ڕژێمی سوریا و “دیفاع وەتەنی” لە دێرەزوور دوو هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون
دێرەزوور – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، دوو هاوڵاتی مەدەنی، بەهۆی تۆپبارانی “ڕژێمی سوریا و میلیشیاكانی “دیفاع وەتەنی” بۆسەر گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور برینداربوون.
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕێگەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە، ڕایانگەیاند “هێزەکانی ڕژێمی سوریا و میلیشیاكانی بەناوی “دیفاع وەتەنی”، لە بنکەکانیانەوە لە گوندی دوێڕە و سەبیخانی گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور، بۆردوومانی ناوچە مەدەنییەکانی گوندەکانی ئەبو حەمام ، كەشكییە و بوسەیرەیان كرد لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بۆردوومانەكەدا چەكی قورس بەكارهات، و بەشێكی زۆر لە شوێنە كشتووكاڵییەكانی خەڵك سوتان.
“هەسەدە” راشیگەیاند، بۆردومانەکەی سەر گوندی كەشكییە لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بۆوە هۆی برینداربوونی عەمار ساڵح عەمش، و هاوسەرەکەی.
دوێنێ یەکشەممە ئەنجوومەنی سەربازیی هەجینی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، کە هەوڵی دزەکردنی چەکدارانی “ڕژێمی سوریا و ئێران”یان بۆ ناوچەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.