“هەسەدە” هەواڵگری دیمەشق بەوە تۆمەتبار دەکات كە لەپشت هێرشەكانی سەر هێزەكانیان بن

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دەزگای هەواڵگری دیمەشقی بەوە تۆمەتبار کرد كە دەستیان هەیە لەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هێزەكانیان.

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی میدیایی هێزەکانی “هەسەدە”، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، هەڵمەتی پاككردنەوە و بەدواداچوون لەدوای “پاشماوەکانی ڕژێم” بەردەوامە کە هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی زیبان، ئەللاتوا و ئەبو حەمام لە شاری دێرەزوور.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە “بە فەرمان و ڕێنمایی حوسام لوقا، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری گشتی رژێم بووە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە “ لەو هێرشەدا سەركەوتوو نەبوون، و هێزەكانمان قارەمانانە بەرپەرچیان دانەوە و خەڵگی هۆشیاری دێرەزووریش ئەو هێرشبەرانەیان لە ماڵەكانیان دەركرد”.

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە دێرەزوور سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆی لەو ناوچانە ڕاگەیاند کە چەكدارانی رژێم و میلیشیاكانی ئێران دزەیان كردبووە ناو.

لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەو بڕیارە بەهۆی ئەوە هاتووە كە گروپێكی چەکدارە سەر بەلایەنی دوژمنەكان هەوڵی تێكدانی سەقامگیری شارەكە دەدات”.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان