هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئێران… “هەسەدە” بەرپەرچی هێرشێكی “ڕژێمی سوریا” دەداتەوە
دێرەزوور – نۆرس پرێس
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند، بەرپەرچی هێرشێكیان دایەوە، كە لەلایەن چەكداران و لە ژێڕ چاودێری ئاسمانی “رژێمی سوریا” كراوەتە سەریان، لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا.
دوێنێ سێشەممە، میلیشیاكانی سەر بە ئێران هێرشیان کردە سەر شوێنە سەربازییەکانی “هەسەدە”، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێران ژمارەیك چەكداری زۆری بردۆتە نێو خاكی سوریا.
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشكرد، گروپێكی سەر بە “دیفاع وەتەنی” سەر بە “رژێمی سوریا” هێرشیان كردە سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات، و هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور و هەجینی سەر بە “هەسەدە” لە زیبان، روبەڕویان بوونەوە.
مانگی شوباتی ڕابردوودا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ڕایگەیاندبوو، ئەو هێزی هۆزەكانی ناوچەی دێرەزوور، كە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، پاڵپشتی ڕوون و ئاشکرای لە “رژێمی سوریا و ئێرانییەکان” وەردەگرن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی “هەسەدە”دا هاتووە، “بۆردومانە هەڕەمەکی وەحشییانەی” هێزەکانی “رژێم”، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە لە ناوچەی زیبان و گەڕەکی ئەللتوا، هەروەها برینداربوونی دوو کەسی دیکە لە شەحێل .