داعش ماڵی وەبەرهێنەری بیرە نەوتەكانی دێرەزوور بەئامانج دەگرێت

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە، چەکدارانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ماڵی وەبەرهێنەرێکی بیرە نەوتەكانییان كردە ئامانج، لە شارۆچکەیەکی باکووری دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا، ئەویش دوای ئەوەی ڕەتیکردەوە “زەکات” بەو ڕێکخراوە بدات.

داعش لەم دواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر وەبەرهێنەرانی بیرەنەوتەكان و شۆفێرانی بارهەڵگرەكان زیاتر كردووە.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە شارۆچکەی تەكێحی باکووری دێرەزوور ڕایگەیاند، چەکدارانی داعش بە بۆمب و تەقە ماڵی “سامر ئەلعناد”ی، وەبەرهێنەری بیرە نەوتییەکانیان لە دێرەزوور کردە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، پێکدادان لەنێوان ئەلعناد و ئەندامانی داعش ڕوویداوە و هێرشبەرەکان ناچاربوون بکشێنەوە، لەکاتێکدا زیانەکان تەنها ماددی بوون.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بەر لە هێرشکردنەكە ، “ئەلعناد” لە ڕێگەی نامەیەكەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی “واتسئاپ” هەڕەشەی لێكرابوو، بەهۆی ئەوەی رەتیكردبۆوە زەکاتی بەو ڕێکخراوە بدات.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان