بەڕێوبەرایەتی خۆسەر: تا ئێستا ٨٠ ملیۆن دۆلار بۆ پارەی گەنم خەرج کراوە

رەقە – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی دارایی لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو پسولانەی کە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بۆ جووتیارانی گەنم خەرج کردووە، تا ئێستا گەیشتووەتە 11 هەزار پسولە.

لە 14ی تەمموزدا فەرمانگەی پارە و پارەدان دەستی بە خەرجکردنی بەشی یەکەمی بسولەكان کرد و بڕیارە تا سەرەتای مانگی ئەیلول” تەواوی پارەی جوتیاران بدات.

بەڕا محەممەد، بەرپرسی بەشی ژمێریاری لە فەرمانگەی پارە و پارەدان ڕایگەیاند، 11 هەزار پسولە خەرجکراوە کە بڕی 80 ملیۆن دۆلارە.

بۆ نۆرس پرێس، ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕی بەرهەمی گەنم کە لە جووتیارانەوە وەرگیراوە و پارەكەی خەرج كراوە، نزیکەی ٢٥٨ هەزار تۆن بووە.

لە کۆتایی مانگی تەمموزدا، نەبیلا محەممەد، هاوسەرۆکی کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی ڕایگەیاند، 766 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیاران وەرگرتووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023دا بەڕێوبەرایەتی خۆسەری یەک ملیۆن و 150 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە.

فەرمانگەی پارە و پارەدان دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنی بلۆکی دارایی لە دەستەی دارایی گشتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەست بە خەرجکردنی پسولەكان دەکات.

ئامادەکردنی: زانا ئەلعالی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان