126 ساڵ لەمەوبەر یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی “رۆژنامەی کوردستان” دەرچوو

هەولێر – نۆرس پرێس

126 ساڵ لەمەوبەر رۆژنامەی “كوردستان” وەك یەكەم رۆژنامەی كوردی دەرچوو، هەرئەوەش بووە هەوێنی لەدایكبوونی سەدان رۆژنامە و كەناڵی راگەیاندن لە هەر چوار پارچەی كوردستان.

رۆژی 22ی نیسانی ساڵی 1898 یەكەم رۆژنامەی كوردی لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان بەناوی رۆژنامەی كوردستان لەشاری قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوكرایەوەو لەو رۆژەوە‌ تاوەکو ئێستا كاروانی خەبات و تێكۆشانی رۆژنامەگەری كوردی بەرێوەیە بۆ ئازادی و رزگاری كورد و كوردستان، رۆژنامەگەری كوردی هەر لەسەرەتاوە هەڵگری پەیامێكی سیاسی و رۆشنبیری و مەعریفی بووە لەسەرجەم شۆرشەكاندا.

میقداد مەدحەت بەدرخان بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی نەتەوەیی، رێگایەكی دیكەی تاقیكردەوە، ئەویش خزمەتكردنی كلتور و زمان و ناساندنی مێژووی نەتەوەی كورد بوو لەرێی كاری رۆژنامەگەرییەوە.

میقداد مەدحەت بەدرخان كوری میر بەدرخان پاشای میری بۆتانە، بەگوێرەی مێژوو نووسان و ئەدیبان ئەو ناوە دەگەرێتەوە بۆ تێكەڵەیەك لەو ناوانەی كەلەو سەردەمەدا عوسمانییەكان لە ناوە فەرەنسییەكانەوە وەریانگرتووە.

مێقداد مەدحەت بەدرخان لە یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستان دا دەڵێت: ” من رۆژنامەیەكم بە ناوی كوردستان دەركرد، ئامانجم لەم كارە ئەوەیە كە گەلی كورد لە بوارەكانی كلتوری، سیاسی، زمان، ئابوری و زانستەوە هۆشیار بكەمەوە”.

رۆژنامەی كوردستان سەردەمی خۆی لە رووی هزری نەتەوەییەوە رۆلێكی بەرچاوی بینی و هەر چەندە بە زمانی كوردی – كورمانجی دەردەكرا، بەڵام لە رووی دارشتن و رێزمانی كوردییەوە زۆر پێشكەوتوو نەبوو بەڵام بەو دەرفەتە كەمە و سەرباری فشارەكانی دەوڵەتی عوسمانی تاوەکو  19ی نیسانی 1909 بەردەوام بوو و دواتر لەلایەن دەولەتی عوسمانیەوە داخرا.

رۆژنامەی كوردستان و ژمارەیەكی دیكەی رۆژنامەی كوردی لەو ساڵانەدا دەركران و هەموویان بە پیتی “ئارامی” بابەتەكانیان بڵاودەكردەوە و زۆربەشیان لەلایەن ئەندامانی خانەوادەی بەدرخانیەكان بەرێوەدەبران.

سەبارەت دروشمی رۆژنامەكەش لە ژمارە یەكەوە تاوەکو دوایین ژمارە بریتیبوو لە (كردلی ایقاێ وتحێیل ێنایعە تشویق هانی، ایچون شدمیلك) واتە (كوردان راپەرین بەرپابكەن ‌و هونەر‌و زانست فێر بن).

رۆژنامەی كوردستان لەنێوان ساڵانی 1898 تاوەکو 1902، تواندرا 31 ژمارەی لە چەند شوێنێكی جیاواز لێ دەربکرێت، لە ژمارە 1 تا 5 لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنی میقداد مەدحەت بەدرخان و فشاری دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە، میقداد بەدرخان لێپرسراوێتی دەركردنی (رۆژنامەی كوردستان)ی خستە ئەستۆی (عەبدولرەحمان بەدرخان)ی برای و لە ژمارە 5 بە دواوە لە لایەن براكەیەوە دەرچوو.