هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە بۆنەی شەهیدبوونی دوو ئەندامیانەوە سەرەخۆشی لە هەسەدە دەکات

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، هێزی ئەرکی هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرەخۆشی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” کرد بۆ لەدەستدانی دوو لە ئەندمانیان لە هەڵمەتی مرۆڤایەتی و ئاسایشدا دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە کامپی هۆل، رۆژئاوای کوردستان.

هێزی ئەرکی هاوبەش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تویتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هاوبەشەکانمان دەکەین و ئیرادەی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ پشتگیریکردنی هاوبەشەکانمان لەم ئەرکە هەستیارەدا”.

دوێنێ پێنجشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاشکرای کرد کە دوو ئەندام بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە، لە کاتی پێکدادان لەگەڵ ئەندامانی داعش، برینداربوون.

بەپێی راگەێنراوەکەی هەسەدە، شەڕ و پێکدادانەکە بووەتە هۆی کوژرانی ئەندامێکی شانەی داعش و دەستگیرکردنی شەش کەسی دیکە، کە ویستوویانە لە کامپی هۆل هەڵبێن.

رۆژی 25ی ئابی رابردوو، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان، بە پاڵپشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، قۆناغی دووەمی هەڵمەتی مرۆڤایەتی و ئاسایشیان لە كامپی هۆل دەستپێكرد، كە تا ئێستا بووەتە هۆی دەستگیركردنی زیاتر لە  120 ئەندامی شانەکانی داعش.