گواستنەوەی سوریا دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەڵەبی راگەیاند

حەڵەب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی گواستنەوەی حکوومەتی سوریا، دوای چوار رۆژ لە ڕاگرتنی بە هۆی هێرشی موشەکیی ئیسرائیلەوە ، دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبی راگەیاند.

لە راگەێنراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان کارەکانی چاککردنەوەیان تەواو کردووە و ئەو زیانانەیان چاککردووەتەوە کە بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە لە فڕۆکەخانەکە کەوتووە.

شەوی سێشەممەی رابردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەب روبەڕووی هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیل بووەوە کە بووە هۆی ئەوەی لە خزمەتگوزاری دەربچێت، ئەوەش دوای چەند ڕۆژێک لە تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی فڕگەی فڕۆکەخانەکە هات کە لە ئەنجامی بۆردومانێکی پێشوو لە 31ی ئابدا زیانی پێگەشتبوو.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، هێرشی “قورسی” ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانە نێودەوڵەتیەکەی حڵلەب فڕۆکەیەکی کردووەتە ئامانج کە بەنیازبووە بەرەو نەجەف هەڵبفڕێت و سەرکردەکانی “حیزبوڵا”ی لوبنانی تێدابووە.