رێکخراوێکی نێودەوڵەتی داوا دەکات منداڵانی سوریا بپارێزن و پاڵپشتی بکرێن
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، لە راپۆرتێکدا هیومان رایتس وۆچ داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتەکانی سوریا کرد کە ئاسانکاری بکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییەکان و بەرزکردنەوەی پاراستنی منداڵانی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان.
ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە راشیگەیاندووە، “منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە سوریا زۆرترین زیانیان بەركەوتووە و چاودێری تەندروستی و پەروەردە و هاوكاری مرۆیی پێویستیان نییە بۆ پاراستنی مافە سەرەتاییەكانیان”.
لە راپۆرتەکەدا باس لەو پێشێلکارییانە کراوە کە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت روبەڕووی دەبنەوە و ئەو مەترسیانەی کە لە کاتی هێرشەکاندا تووشی دەبن و دەستنەگەیشتنیان بە پاڵپشتی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەبوونی بەرنامەی پشتیوانی گشتی و گشتگیر، لەوانە پەروەردە، یارمەتییە مرۆییەکان، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی و پشتیوانی دەروونی کۆمەڵایەتی، ئەو سەختییانە توندتر دەکات کە ڕووبەڕووی خاوەن پێویستیە تایبەتەکان دەبنەوە.
ئاماژهشیان بهوهدا كه سهرهڕای یارمهتی به ملیاران دۆلار، بەڵام شكستێك له بواری مرۆییدا بۆ دهستنیشانكردن و چارهسهركردنی ماف و پێداویستییهكانی ئهو منداڵانهدا ههیه.
ئیمینا شێریمۆڤیچ، توێژەری باڵا لە بەشی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ڕێکخراوەکە وتی: “بەردەوامی ململانێکان لە سوریا کە دەچێتە دوانزەهەمین ساڵی خۆیەوە، کاریگەریی وێرانکەری لەسەر منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەبووە.”
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئەو ململانێیە كاریگەری لەسەر ئابووری سوریا و توانای سورییەكان هەبووە، بەتایبەت منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خێزانەكانیان، بۆ بەدەستهێنانی ماف و پێداویستییە سەرەتاییەكانیان لەوانەش خۆراك و شوێنی نیشتەجێبوون.
هیومان ڕایتس وۆچ داوا لە هەموو لایەنەکانی ململانێی سوریا دەکات کە ڕێز لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بگرن، هەروەها ئاسانکاری بکەن بۆ بێ بەربەست دەستڕاگەیشتن بە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری پێویست بە هاوڵاتیانی سڤیل لە سەرانسەری سوریادا، لەوانەش ئەم منداڵانە.