ههولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ جوارشهممه 16ی نیسان، 37 ساڵ بە سەر یەکەم هێرشی کیمیاویی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان تێدەپەڕێت کە دۆڵی خۆشناوەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان و گوندەکانی دەوروبەری کردە ئامانج، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی شەهید و بریندار و ئەنفال کران.
ئێوارەی 16ی نیسانی ساڵی 1987 ڕژێمی بهعسی عێراق ھێرشی کیمیاوی کردە سەر دۆڵی بالیسان و گوندەکانی خۆشناوەتی کە بە یەکەمین هێرشیی کیمیاویی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان هەژمار دەکرێت و بەهۆیەوە دەیان کەس لەژن و پیاو و منداڵ شەھید و برینداربوون.
دوای هێرشە کیمیاوییەکە دەیان هاووڵاتیی كه برینداربووان، بۆ چارەسەر گەیەندراوبوونە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەعسەوە ڕفێندران و ئەنفالکران، تا وەکوو ئێستاش چارەنوسییان نادیارە.
لە هێرشە کیمیاوییەکە و ئەنفال کردنی بریندارەکاندا 263 هاووڵاتیی شەهیدبوون و 800 هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
هەر وەک ڕێزلێنانێک بۆ شەهیدان و قوربانیانی کیمیابارانەکەی دۆڵی خۆشناوەتی پهرلهمانی کوردستان لە دانیشتنی ڕۆژی 7ی نیسانی ساڵی 2008 بە بڕیاری ژمارە یهكی ساڵی 2008، ڕۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێكی بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیاری کرد.
بە گوێرەی ماددەکانی 112 و 132ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حکوومەتی فیدراڵی وەک میراتگرەوەی ڕژێمی پێشووتری عێراق دەبێت پابەند بێت بە گەشەپێدانی ناوچە کارەساتبارەکان و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس، بەڵام تا وەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق پابەند نەبووە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو، لە کاتێکدا بەردەوام حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای جێبەجێ کردنی ئەو ماددە دەستووریانە دەکاتەوە.