ناوەندی ئاشتەوایی رووسی لە سوریا: هێزەکانی رووسیا زیاتر لە 120 چەکداریان لەناوبرد
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ، پێنجشەممە، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سووریا رایگەیاند، هێزی ئاسمانی رووسیا سەربازگەیەکی “تیرۆریستان”ی لە ناوچەی شێخ یوسف لە ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا خاپوور کردووە و زیاتر لە 120 چەکداری لەناوبردووە.
ئۆلێگ ئیگۆرۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا، دوێنێ رایگەیاند، “هێزی ئاسمانی رووسیا ئەمڕۆسەربازگەیەکی رێکخراوی تیرۆریستی بەرەی نوسرەیان لە ناوچەی شێخ یوسف وێرانکرد، هەروەها بە هێرشی ئاسمانی زیاتر لە 120 چەکداریان لەناوبرد و چوار خاڵی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشیان وێران کرد.”
جەختیشی لەوە کردەوە کە “بڕێک قازیفە و نزیکەی 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەستکرد، کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ئامادەکرابوون بۆ هێرشکردنە سەر پێگەکانی هێزەکانی رووسیا لە سووریا، خاپوورکراون”.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ، سەرچاوە خۆجێیەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا نزیکەی 16 هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چواردەوری شاری ئیدلب وناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن لە گوند و شارۆچکەکانی شێخ یوسف و حەفسەرجە و ئەلغەفر لە ناوچەی سهل ئەلرۆج لە ڕۆژئاوای ئیدلب .