شاژنی بریتانیا کۆچی دوایی کرد و چارلسی سێیەم بوو بە پادشا

هەولێر – نۆرس پرێس

شاژنە ئێلیزابێز کە بۆ ماوەی 70 ساڵ شاژنی بەریتانیا بوو، لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دواییکرد؛ لە دوای خۆی شازادە چارڵس، شازادەی وەیڵز بووە پادشای بەریتانیا و 14 وڵاتی دیکە.

دوێنێ، پێنجشەممە، کاتژمێر 6:30ی ئێوارە بە کاتی لەندەن کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند: “شاژن بە ئارامی لە کۆشکی باڵمۆرد کۆچی دواییکرد”.

چارڵس فیلیپ ئارسەر جۆرج، کوڕە گەورەی شاژن لە تەمەنی 73 ساڵیدا راستەوخۆ بووە پاشای بەریتانیا و 14 وڵاتی دیکە لەوانەش ئوسترالیا، کەنەدا و نیوزیلاند.

کۆشکی بەکینگهام لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، چەند ساڵێک بوو دۆخی تەندروستیی شاژن خراپ بوو و، ئەوەش هۆکاری ئەوە بووە کە لەو ماوەیەدا نەیتوانی بەشداری لە بۆنە گشتییەکاندا بکات.

شاژنە ئێلیزابێز ناوی تەواوی ئێلیزابێز ئەلێکساندرا مارییە. لە 21ی نیسانی 1926 لە لەندەن لەدایکبووە. شاژنە ئێلیزابێزی دووەم دوای مردنی باوکی لە ساڵی 1952، لە 6ی شوباتی ئەو ساڵەدا بووە شاژنی بەریتانیا.

شاژنە ئێلیزابێز لە 1947 ژیانی هاوژینی لەگەڵ شازادە فیلیپ پێکهێنا و چوار منداڵیان هەیە؛ ئەوانیش شازادە چارڵس فیلیپ، ئاندریو فیلیپ، ئان فیلیپ و ئێدوارد فیلیپن.

شازادە فیلیپ لە 10ی حوزەیرانی 1921 لەدایکبوو و لە ساڵی 1947 ژیانی هاوژینی لەگەڵ شاژنە ئێلیزابێز پێکهێنا و 9ی نیسانی 2021 کۆچی دواییکرد.

دوای مردنی شاژنی بەریتانیا، شازادە چارلسی شازادەی جێنشین کە تەمەنی 74 ساڵە و دوای مانەوەی 64 ساڵ لە جێنشینی، وەک شای بەریتانیا دەستنیشانکرا، چارلز لەتەموزی ساڵی 1958 بەشێوەیەکی فەرمی وەک جێنشینی شاژن دەستنیشانکرا.

شازادە چارلس لە ریزی هێزی ئاسمانی و ئاوی شاژندا لەساڵی 1971 هەتا ساڵی 1976 خزمەتی سەربازی کردووە و لەساڵی 1967 لە” کۆلێژی سالوس”ی تایبەت بە زانکۆی کامبریج زانستەکانی (زانستە مرۆڤایەتییەکان و زانستی شوێنەوارناسی و مێژووی خوێندووە)، لە ساڵی 1970 چارلسی خوێندن لە زانکۆی کامبریج تەواودەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە هونەردا بەدەست دەهێنێت و وەک یەکەمین کەس لە بنەماڵەی شاژن هەژماردەکرێت کە راستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆوە کردبێت لە جێگەی سوپای بەڕیتانیا.

لەساڵی 1981 لەگەڵ دیانا سپێنسەر هاوسەرگیری دەکات و دەبنە خاوەنی دوو منداڵ بەناوەکانی ولیەم و هاری و لەساڵی 1996 جیابوونەوە. دایانا لە ساڵێک لەدوای جیابوونەوەیان لەروداوێکی هاتووچۆدا لە پاریسی فەڕەنسا گیانی لەدەستدا و لەساڵی 2005  چارلز لەگەڵ کامیلا پارکەر دوای پەیوەندییەکی دوورودرێژ هاوسەرگیری کرد.

شایانی باسە بە درێژایی مێژووی بەریتانیا تەنها دوو پادشا لەژێر ناوی “چارلس” لەماوەی سەدەی حەڤدەهەمدا فەرمانڕەواییان کردووە ئەوانیش “چارڵسی یەکەم” لە ساڵی 1625 تا 1649 و “چارڵسی دووەم” لە ساڵی 1660 تا 1685 فەرمانڕەوایی کردووە، پادشا چارڵس دوای وەرگرتنی تەختی پادشایەتی، نازناوی “پاشا چارڵسی سێیەم”وەردەگرێت.