ئێران لە ڕۆژی به‌خاكسپاردنی ئەو کەسانەی لە سوریا كوژران هەڕەشە له‌ ئیسرائیل دەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ هەینی، لە کاتی به‌خاكسپاردنی ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران، کە له‌ نێویاندا دوو سەرکردەی دیاری هه‌ن، ئێران دوباره‌ هه‌ره‌شه‌ی له‌ ئیسڕائیل كرده‌وه‌ كه‌ تۆڵه‌ی بۆردومانكردنی باڵیۆزخانه‌كەی بكاته‌وه‌.

پاشنیوەڕۆی دووشەممەی ڕابردوو، ئیسرائیلی باڵەخانەیەکی ته‌نیشت و سه‌ر به‌ باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کردە ئامانج و ڕاوێژکارە سەربازییە دیارەکانی سپای پاسدارانی ئێران و ژمارەیەک ئەفسەری كوشت.

حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ئێران، له‌نێو خه‌ڵكی تاران رایگه‌یاند، “کردەوەکانی (ئیسرائیل) لەدژی کۆماری ئیسلامی بێ وەڵام نابێت، پیاوە ئازاکانمان سزای ئیسرائیل دەدەنه‌وه‌”.

ساڵانێکە ئیسرائیل سەرکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی لە سوریا دەکاتە ئامانج، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە لێدوانەکەیدا سەبارەت بە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە ئیسرائیل ڕایگەیاند “بڕیارەکە دراوە و بە دڵنیاییەوە جێبەجێ دەکرێت”.

داڕشتنه‌وه‌: سەعد یازجی