بەڕێوبەریی خۆسەریی: کارەبای بەدەستهاتوو لە بەنداوەکانەوە بەشی پێداویستیەکان ناکات

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی فەرمانگەی وزەی بەڕێوبەریی خۆسەریی رایگەیاند، بڕی ئەو کارەبایەی لە بەنداوەکانەوە بەدەست دێت پێداویستییەکانی ناوچەکە دابین ناکات.

بە بەردەوامی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان پچڕانی کارەبا بەخۆیەوە دەبینێت، بەهۆی ئەوەی زۆربەی وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا لە خزمەتگوزاری دەرچوون، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە کرانە ئامانج.

ئازاد سلێمان، بەرپرس لە فەرمانگەی وزە و گواستنەوە لە هەرێمی جەزیرە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و زۆرێک لە وێستگەکانی کارەبا لە ناوچەکە بە تەواوی کاریان وەستاوە، ئێمەش بە شێوەیەکی سەرەکی و تەنها پشت بەو کارەبایە دەبەستین کە لە بەنداوی تشرین و فوراتەوە بەدەست دێت”.

گوتیشی، بڕی کارەبای بەنداوەکان لە 60 مێگاوات تێناپەڕێت و کارەبای زۆربەی هێڵەکانی خزمەتگوزاری وەک فڕنەکان دابین دەکات، دەشڵێ: “ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی بەنداوەکان کاردەکەین بۆ پاراستنی ئەو بڕە ئاوەی ئێستا لە بەنداوەکاندا هەن و کەمنەکردنەوەی، بە مەبەستی دڵنیابوون لە بەردەوامیی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە هاویندا”.

سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو “کردەوەی تێکدەرانە”ەوە، کە کاریگەریان لەسەر تاوەرە کارەباییەکانی گوندەواری باشووری حەسەکە هەبووە، ماوەی 15 رۆژە کارەبا پچڕاوە.

گوتیشی، “ئێمە کاردەکەین بۆ چاککردنەوەی ئەم هەڵانە و ئامادەکردنی تاوەرەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ خزمەت.”

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە