ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی لە ئیسرائیل دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێران بەڵێن دەدات وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بداتەوە کە باڵیۆزخانەکەی کردە ئامانج بەهۆیەوە ژمارەیەک ڕاوێژکاری سەربازی ئێرانی كوژران، هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زانیاری و هۆشیاری خۆی لەبارەی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای باڵیۆزخانەی ئێران ڕاگەیاندووە ، لەمبارەیەوە بەدواداچوون دەكات.
پێشتر میدیا ئێرانییەکان ڕایانگەیاندبوو بۆردومانەكەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەک لە سوپای پاسدارانی ئێران کە پۆستی فەرماندەی باڵای لە فەیلەفی قودس لە سوریا و لوبنان هەبووە .
لەمبارەیەوە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئێران مافی خۆیەتی ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە بگرێتە بەر، خۆی بڕیار لە جۆری کاردانەوە و سزادانی ئیسرائیل دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا، “بەدواداچوون بۆ ڕەهەندەکانی ئەم هێرشە دەکرێت، بەرپرسیارێتی ئەنجامەکانیش لە ئەستۆی ئیسرائیلدایە.
لای خۆیەوە، کارین جان پیێر، وتەبێژی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئاگاداری ئەو هەواڵانەیە کە باس لە هێرشی ئیسرائیل لە نزیک کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق دەکەن و تیمەکەیان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات.