سەرۆک کۆماری ئێران داوا لە توركیا دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت
رهقه – نۆرس پرێس
ماڵپەری سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند، ئیبراهیم ڕەئیسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئهنجانداوه، بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان و هەڵوێستەکان سەبارەت بە ململانێیە بەردەوامەکانی ناوچەکە.
سەرۆک کۆماری ئێران داوای لە تورکیا کرد کە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بە تەواوی بپچڕێنێت.
بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە، ڕەئیسی بە پێویستی دەزانێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت بۆ ئەوەی ناچاری بکات ململانێکانی غەززە بوەستێنێت “لەکاتێکدا کە ئیدارەی ئەمریکا هێشتا بەردەوامە لە پشتیوانییە دارایی و چەکدارییەکانی بۆ ئیسرائیل.”
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەئیسی جەختی لە هاوکاریی وڵاتانی ئیسلامی کردووە لە ناردنی هاوکاری بۆ کەرتی غەززە بۆ ڕێگریکردن لە برسێتی، بە ئاماژەدان بە گرنگی گرتنەبەری “هەنگاوی کردەیی” بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان ئێران و تورکیا، داوای بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان ههردوو وڵات.
ماڵپەڕەکە راشیگهیاند، ئەردۆغان پابەندبوونی حکومەتی تورکیای بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دووپاتکردووەتەوە کە لە دوایین سەردانی ڕەئیسی بۆ تورکیا لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ئەنقەرە و تاران واژووكران.
لهمبارهیهوه، بەرپرسێکی عەرەبی بۆ ماڵپهڕی “ئهكسیۆس” ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە گوایه هێزی عەرەبی ناردرابی بۆ غەززە بهمهبهستی گهیاندنی کاروانە هاوکارییەکان.
بەگوێرەی هەمان ماڵپەڕ، لە زاری ئەو بەرپرسە عەرەبیە بڵاویکردووەتەوە، “پێدەچێت یۆئاڤ گالانت وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە ناردنی هێزی عەرەبی بۆ کەرتی غەززە بە هەڵە تێگەیشتبێت”.
ئاژانسی ڕۆیتەرز دوو ڕۆژ لەمەوبەر بڵاویکردۆتهوه، كه ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بۆمب و فڕۆکەی جەنگی، پاڵپشتی زیاتری بۆ ئیسرائیل ناردووه.
ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، كه ئەو چهكه نوێیانهی ئهمریكا بۆ ئیسڕائیلی ناردووه، زیاتر لە ١٨٠٠ بۆمبی MK84 لەخۆدەگرێت کە کێشی هەریەکەیان ٩٠٠ کیلۆگرام، ٥٠٠ بۆمبی MK82 کێشی ٢٢٧ کیلۆگرامە.
شەممەی ڕابردوو، کۆمیساری گشتی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ كاروباری پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA)، فلیپ لازارینی داوای لە ئیسرائیل کرد کە ڕێگە بە کاروانە خۆراکییەکانی ڕێکخراوەکە بدات بچنە باکووری غەززە تا پرسییهتی دروست نهبێت.