هێرش كرایە سەر چەند پێگەیەكی تەحریر شام لە ئیدلب

ئیدلب – نۆرس پرێس

حکومەتی ڕزگاری کە سەر بە دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە) پێشووە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند چەکداران هێرشیان کردووەتە سەر گەڕێكی هێزەكانیان لە یەکێک لە لقی بەناو ئەمنی تاوانکاری، جگە لە دوو هێرشی دیکە كە زیندانی سەرمەدەیان بە ئامانجگرت لە شارۆچکەی دانا.

ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانی بەرفراوان لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تەحریر شام، خۆپیشاندەرانیش لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە بە بیانووی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەكە دەستگیر دەكرێن.

سەرچاوەیەكی کارگێڕی لە دەزگای ئەمنی سەر بە تەحریر شام رایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان گەرێكی دەزگای ئەمنییان کردە ئامانج، کاتێک لە شارۆچکەی حەرەمەوە بەرەو سەلقینی ڕۆژئاوای ئیدلب دەڕۆیشت، هێرشەكەش بووە هۆی برینداربوونی دوو ئەندام.

ڕوونیشیکردەوە، ئەم هێرشە سێیەم هێرشە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا دوای هێرشی چەکداری بۆ سەر زیندانی سەرمەدا لە باکووری ئیدلب و بنکەی پۆلیسی دانا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە یەکەمجارە حکومەتی ڕزگاری ئەم جۆرە هێرشانە لە ئیدلب و گوندەوارەكانی ڕۆژئاوای حەلەب ئاشکرا دەکات.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی