هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانیەکان بەڕێوەدەچێت، کە زیاتر لە 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ بۆ هەڵبژاردنی 30 گەورە شارەوانیی و 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکان.
14 هەزار و 856 کەس، لە 34 پارتی سیاسی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان بەربژێر کردووە، لە 24 پارێزگای باکووری کوردستان و هەشت پارێزگای تورکیا، هەڵبژاردن لە کاتژمێر 07:00ی بەیانی دەستیپێکرد و کاتژمێر 17:00 کۆتایی دێت، لە 49 پارێزگاکەی دیکەی تورکیا کاتژمێر 08:00 دەستیپێکرد و کاتژمێر 16:00 کۆتایی دێت.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە سێ گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا سێ گەورەشارەوانی، پێنج شارەوانی شار، 40 شارەوانیی ناحیەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوە و ئەوانی دیکە قەییوومیان بۆ دانراوە.
ئیستانبوڵ لە پێگە هەرە سەرییەکانی کوردە لە تورکیا، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە پێنج ملیۆن کورد لەو شارەدا دەژین، کە دەکاتە یەک لەسەر سێی ژمارەی دانیشتووانی شارەکە، بەڵام پارتە کوردییەکان نەیانتوانیوە بەشێکی زۆری کوردەکانی شارەکە لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە.
کورد لە ئیستانبوڵ بەردەوام دەنگی یەکلاکەرەوە بووە، لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 2019ش، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە دەنگی کورد هەڵبژاردنەکەی بردەوە.
کورد لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 2019 و هەڵبژاردنە پەرلەمانیی و سەرۆکایەتییەکەی 2023 بەبێ مەرج پشتیوانی لە جەهەپە کرد، ئەمەش رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆری دەنگدەرانی کردەوە، هەربۆیە بڕیاریدا لە ناوچە تورکییەکان بە بەربژێری خۆی بەشداری هەڵبژاردنەکە بکات.