وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە تویتێک وەڵامی بۆردومانەکەی ئیسرائیل دەداتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ، چوارشه‌ممه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سووریا  به‌ئامانجگرتنی به‌رده‌وامی دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی  لە لایەن ئیسرائیلیەوە سەرکۆنە‌ كرد و په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دواییه‌ی ئیسرائیلی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی مه‌ده‌نی له‌ ناوچه‌كه‌دا ناوبرد.

وەزارەتی دەرەوە لە تویتێکدا لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، “دوبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل، بەتایبەتی بەئامانجکردنی سیستماتیک و بە ئەنقەستی دامودەزگا مەدەنیەکان لە سوریا، کە دوایینیان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەب بوو، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە دەستدرێژی و تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت “.

وەزارەتی دەرەوە جه ختی لە پێویستی لێپرسینەوەی ئەم هێرشانەی دوایی ئیسرائیل کردەوە.

پەرەسەندنی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بە مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە زانیوە و ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە و سەلامەتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە سوریا و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سوریا مافی ڕەوای خۆی بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەکاردەهێنێت بە هەموو ڕێگەیەکی پێویست و شیاو بۆ دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە لە ئیسرائیل.

لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆشدا، فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا رەخنەی لە بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و عەرەبی گرت سەبارەت بە بۆردومانی دووبارەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا.

دوای چەند ڕۆژێک لە نۆژەنکردنەوە و چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، هەفتەی ڕابردوو، هێرشێکی مووشەکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبی کردە ئامانج و شەوی سێشەممەش دووهەم هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر هەمان فڕۆکەخانە ئەنجامدرا و بووە هۆی ئەوەی فڕۆکەخانەکە لە کار بوەستێت.

پێرێ سێشەممە، وەزارەتی گواستنەوەی سوریا گواستنەوەی گەشتە  بەرنامەبۆداڕێژراوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق گواستەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌: عەدنان حەمۆ