هێرشه‌كانی داعش له‌ هه‌فته‌ی رابردوو سه‌دان كوژرا و برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌

دێره‌زوور – نۆرس پرێس

دوێنێ، رێكخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامی هێرشەکانی هەفتەی ڕابردووی ئاشکرا كرد، بە وتەی خۆی، لە سوریا و عێراق و ناوچەکانی ئەفریقا و ئاسیا چه‌ندین هێرشی ئه‌نجامداوه‌.

بە وتەی کەسانی نزیک لە داعش هەفتەی ڕابردوو هێرشەکانی داعش، بوونه‌ته‌ هۆی کوژران و برینداربوونی سه‌دان کەس لە سەرانسەری جیهان. ڕۆژنامەی ئەلنەباء، كه‌ ڕۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی سەر بە ڕێکخراوە توندڕەوەکەیه‌، بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، داعش هەفتەی ڕابردوو نۆ هێرشی لە سوریا ئەنجامداوە، حەوتیان لەو ناوچانە بوون کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە به‌ڕێوه‌ده‌برێن لە حەسەکە و دێرەزۆر، لە ئەنجامدا چواردە كه‌س کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی ڕۆژنامەکە، دوو هێرش لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی حکومەت ئه‌نجامدراوه‌، لە شاری حومس، بەهۆیەوە حەوت کەس كوژراون.

ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته‌ڕوو، ئەندامانی ڕێکخراوی داعش، بە سێ هێرش سوپای عێراقیان لە ئەنبار و دیجلە و کەرکوک کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداربوونی حەوت کەسی لێکەوتووەتەوە.

لە ڕۆژئاوای ئەفریقاش، ڕێکخراوەکە لە چوار هێرشدا پێنج کەسی کوشتووه‌ و لە ناوەڕاستی ئەفریقاش ڕێکخراوەکە باسی لە یەک هێرش کردووه‌ کە یازدە كوژراو و برینداری لێكه‌وتووته‌وه‌

هەروەها باسی سێ هێرشی کردووه‌ له‌ ساحڵ لە ئەنجامدا پەنجا کەس کوژران و بریندار بوونه‌.

هەروەها لە ڕووسیاش ڕێکخراوەکە ڕاپۆرتی یەک هێرشی بڵاوکردۆتەوە، کە لە ئەنجامدا پێنج سەد كوژرا و برینداری لێكه‌وته‌وه‌

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوەکە لە دوو هێرشی ئەفغانستاندا چل و چوار كوژرا و برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، هەروەها باسی لە یەک هێرش کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە تێیدا چوار کەس کوژران و برینداربوون.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان