بۆ یەکەمجار بایدن و ئەردۆغان لە واشنتن کۆدەبنەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی هەینی، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی تورکیا و ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا لە کۆشکی سپی میوانداری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات.

بڕیارە رۆژی 9ی مانگی ئایاری داهاتوو، ئەردۆغان سەردانی واشنتن بکات، ئەمەش یەکەم سەردانیەتی لەدوای دەستبەکاربوونی بایدنەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.

بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، واشنتن ئەو کۆبوونەوەیە بە دەرفەتێک دەبینێت بۆ ئەوەی ئەردۆغان رازی بکات، بە سەپاندنی قەدەغەکردنی تەواوەتی ترانزێتی کاڵاکان لە تورکیاوە، کە مۆسکۆ لە جەنگەکەیدا دژ بە ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لەماوەی سەردانەکەیدا ئیدارەی بایدن چاوی لەوەیە بزانێت ئایا ئەنقەرە دەتوانێت پابەند بێت بە قەدەغەکردنی ئەو کاڵایانەی کە دەکرێت دوو بەکارهێنانیان هەیە، لە لایەن رووسیاوە، وەک ماددە کیمیاییەکان و پێکهاتە وردەکان.

لەکاتێکدا بەرپرسێکی تورکیا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، “هیوادارین سەردانەکە دەرفەتێکیش بێت بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاری لە بوارە جیاجیاکان و بەهێزکردنی رۆحی هاوپەیمانیەکە، لەوانەش شەڕی دژی تیرۆر”.

لەمدواییەدا پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا بەهۆی پشتگیرییەکانی ئەمریکا لە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شەڕەکەیاندا دژ بە داعش لە سووریا، گرژیی بەخۆوەبینی.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان