سوپای سووریای ئازاد: کراوەین بەڕووی هەماهەنگی کردندا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، سالم ئەلعەنتەری، سەرۆکی سوپای سووریای ئازاد، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەوان کراوەن بەڕووی هەماهەنگی کردندا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا.

“سوپای سوریای ئازاد”، کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت لە بنکەی ئەلتەنف لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا ئامادەن و ژمارەی ئەندامانیان بە نزیکەی 500 کەس مەزەندە دەکرێت، کە ئەفسەرانی هەڵهاتوو و جیابوەوە لە سوپای سوریاشیان تێدایە، گروپەکە ناوبەناو باس لە مانۆڕی سەربازی هاوبەش دەکات لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

سەرکردەکەیان، کە لەم دواییە دەستنیشانکراوە، ئاماژەی بەوەدا کە (لە ئێستادا) هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ هیچ هێزێکی دیکەدا لە دەرەوەی ناوچەی (55)دا نییە، چی لە باشوور بێت یان باکوور.

ناوچەی (55) سێگۆشەی سنووری نێوان سووریا و عێراق و ئوردنە و بنکەی ئەلتەنف و کامپی روکبان دەکەونە ئەو ناوچەوە.

ئەلعەنتەری لە میانەی گوتەکانیدا بۆ نۆرس پرێس گوتیشی، سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەموو رێز و سۆزێکمان بۆیان هەیە، بەو پێیەی ئەوان هاوتای ئێمەن لە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە شەڕی دژ بە داعش و کراوەین بەرامبەر هەماهەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا”.

پێش ساڵی 2022، گروپەکە بە ناوی “سوپای کۆماندۆکانی شۆڕشگێڕەکان” ناسرابوو، دواتر ناویان گۆڕی بۆ سوپای ئازادی سووریا و دواتر لە رێگەی ناسێنەرە فەرمییەکانیەوە خۆیان ناساند.

ئەلعەنتەری روونیشیکردەوە، کە گروپەکەیان تیشکی خستۆتە سەر “شەڕکردنی داعش و رێگریکردن لە پێشڕەوی میلیشیا ئێرانییەکان، کە بە نیازن لە خاکی عێراقەوە ناوچەکە بکەنە ئامانج”.

“سوپای سوریای ئازاد” ئەو شوێنەی بە ناوچەی 55 ناسراوە لە گوندەواری حومس کۆنترۆڵ دەکات، ئەو ناوچەیەی کە کۆنتڕۆڵی دەکەن بیابانی سووریا و سنووری سووریا و ئوردن ئاشکرا دەکات، هەروەها بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەنرێت بۆ سنووردارکردنی فراوانبوونی ئێران و گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست .

ئەلعەنتاری رەتیکردەوە هەماهەنگی و پەیوەندی لە نێوان سوپاکەیان و حکومەتی ئوردن، یان سەرکردەکانی جموجوڵەکانی سوەیدادا هەبێت و روونیکردەوە “ئەوان ئامادەن بۆ کارکردن لەگەڵ هەر هێزێکی نیشتمانی، کە بەهەموو شێوەیەک بەرەنگاریی توندڕەوی ببنەوە و بەدوای ئایندەیەکی ئومێدبەخشدا دەگەڕێن بۆ سووریا”.

ئەلعەنتاری لە لێدوانێکدا لەسەر تۆمەتەکەی سەرۆکەکەی پێش خۆی وتی: “ئێمە هیچ زانیارییەکمان نییە لەسەر تێوەگلانی ئەندامانی سوپای ئازادی سووریا لە کارە نایاساییەکاندا، هەروەها ئامادەین، ئەگەر هەر دەزگایەکی فەرمی، بەڵگەی تێوەگلانی هەرکەسێک بخاتەڕوو، لەمبارەشەوە دادگای سەربازی بڕیاردەدات بەرامبەر بە هەر تێوەگلاوێک، لە چالاکی قەدەغەکراودا”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی:ئەحمەد عوسمان