مۆسکۆ و تاران سەرکۆنەی بۆردوومانی ئیسرائیل دەکەن بۆ سەر حەڵەب

دیمەشق – نۆرس پرێس

هەریەکە لە رووسیا و ئێران بەجیا بۆردومانی ئیسرائیلیان بۆ سەر حەڵەب لە بەرەبەیانی دوێنێدا شەرمەزار کرد و بۆردومانەکەشیان بەستەوە بە شەڕی بەردەوامی حەماس و سوپای ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە.

بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەک، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس، کە لانیکەم پێنج ئەندامی حیزبوڵای لوبنانی لە نێویاندا هەبوون، لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەوبارەوە نەداوە.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا “بەتەواوی رەتدەکەنەوە”، ئاماژەیان بەوەشکرد، کە مۆسکۆ ئەم کارانە سەرکۆنە دەکات”.

زاخارۆڤا زیادی کرد: ئەم کارانە لە چوارچێوەی تێکچوونی توندی بارودۆخی ناوچەی کێشەداری فەلەستین و ئیسرائیلدا دەرئەنجامی زۆر مەترسیداریان دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: “هێرشەکانی قەوارەی ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، کە بە سووریادا بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش بەڵگەی پشتیوانی ئیسرائیلە لەم گروپ و بزووتنەوە تیرۆریستیانەی کە لە سووریادا ئامادەن”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە “شکست”ی هێناوە و هێرشەکانی بۆ سەر سووریا “هەوڵێکی نائومێدکەرانە و ترسنۆکانەیە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو قەیران و شکستانەی لەبەردەم گەلی فەلەستین و گروپە خۆڕاگرییەکانیاندا تووشی بووە”.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش