لە گوندەواری حەڵەب هێزەکانی حکوومەتی سوووریا کوژرانی چەند ئەندامێکی “نوسرە”یان راگەیاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ هەینی وەزارەتی بەرگری سووریا رایگەیاند، ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو)یان لە گوندەواری رۆژئاوای حەڵەب کوشتووە و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداریان کردووە.

وەزارەتی بەرگری لە راگەێنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، “سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانمان لە گوندەواری رۆژئاوای شاری حەڵەب وەڵامی هێرشێکی گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی نوسرەیان دایەوە لەکاتێکدا هێرشیان دەکردە سەر چەن خاڵێکمان”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لەئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەشدا توانیویانە تەواوی گروپە هێرشبەرەکە بکوژن یان برینداریان بکەن.

وەزارەتەکە لە راگەێنراوەکەدا دەڵێ، هێرشەکەی نوسرە هاوکات بووە لەگەڵ بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر گوندەواری حەڵەب و هاوکاتیش بووە لەگەڵ هێرشی گروپەکانی سەر بە “داعش” بۆ سەر هەندێک پێگەی هێزەکانی حکومەت لە تدمیر، لە ناوەڕاستی سووریا.

داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی