لە ئەنجامی هێرشی سەربازیی لە باکووری رۆژئاوای سوریا، ژمارەیەك ئەندامی حكومەت و تەحریر شام كوژران
ئیدلب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی شەش ئەندامی دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە) ی پێشوو و چوار ئەندامی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق کوژران، ئەمیش لەئەنجامی هێرشی سەربازی نێوان هەردوولا لە چەند ناوچەیەکی باکووری ڕۆژئاوای سوریا.
پەیامنێری نۆرس پرێس لە زاری سەرکردەیەکی سەربازیی ڕایگەیاند، شەش ئەندامی لیوای عومەر بن خەتاب و عەسائیب حەمرە لە ڕۆژئاوای شاری حەلەب لە کاتی هەوڵدانیان بۆ دزەکردنە ناو هێزەکانی حکومەت کوژراون، هاوكات چوار ئەندامی هێزەكانی حكومەتیش كوژراون.
ڕوونیشیکردەوە، هێزەکانی حکومەت بۆردومانەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی گوندەواری ئیدلب و حەلەب زیاد كردووە. هەروەها ناوچەکانی جەبەل تورکمان و جەبەل ئەکراد و گوندی عەین بەیزا لە باکوری لازقیە بەهەمان شێوە رووبەڕووی بۆردومانی تۆپخانەکانی حکومەت بوونەتەوە، لە هەمانكاتدا چەند ناوچەیەك لە باشووری ئیدلب بۆردومان كراون .
لەو چوارچێوەیەدا پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی کردووەتە ئامانج لەوكاتەی بەرەو گوندی ناقور لە ڕۆژئاوای شاری حەما بەڕێوەوە بوە، لە ئەنجامدا دوو كوژراون و بریندارەکانیش گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی جسر شوغور لە ڕۆژئاوای حەلەب.