چەند زیندانییەک لە بەندیخانەیەكی سەر بە میلیشیایەكی لایەنگری تورکیا لە گوندەواری حەلەب هەڵاتن
گوندەواری حەلەب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند کە 12 زیندانی لە زیندانێکی سەر بە میلیشیای شورتەی عەسكەری لایەنگری تورکیا لە ناوچەی بولبول لە گوندەواری عەفرین رایانكرد.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ئەوانەی رایانكرد بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و ئەندامانی داعش هەبوون کە پێشتر لە زیندانی ڕاجۆ بوون و دواتر بۆ زیندانی بولبول گواستراونەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی ڕەتیکردەوە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ڕایگەیاندووە، دواتر ئەو میلیشیایە دوو لە زیندانییە هەڵاتووەكانی دەستگیرکردووەتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە ڕۆژی 29ی کانونی یەکەمیش، حەوت زیندانی داعش لە بەندیخانەی شارۆچکەی راعی لە گوندەواری حەلەب هەڵاتن و لە مانگی تشرینی دووەمیشدا سێ زیندانی داعش رایان كردووە.