بەڕێوبەری خۆسەری کۆتایی مانگی ئایاری داهاتوو وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان رادەگەیەنێت

رەققە – نۆری پرێس

دوێنێ، بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان کۆتایی مانگی ئایاری داهاتووی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دیاریكرد، لەو ناوچانەی بەڕێوەی دەبات.

دوێنێ، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو دامەزراندنی راگەیەندرا.

حوسێن ئەلشێخ، هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆکایەتی شارەوانی، لە سەرجەم ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجام دەدرێت.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس وتی لە کاتی کۆبوونەوەکەدا سێ فەرمانگەمان پێکهێنا، ئەوانیش فەرمانگەی تانەدان، فەرمانگەی ناوچەی هەڵبژاردن و فەرمانگەی مەشق و ڕاهێنان.

لە بیست و هەشتەمی مانگی ڕابردوودا، ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان لە رۆژئاوای كوردستان یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی سەر بە بەرێوبەری خۆسەری.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە 20 ئەندام پێکدێت، کە ماوەی کارەکەیان چوار ساڵە، دەشكرێ ماوەی كاركردنیان نوێ بكرێتەوە.

بەپێی یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کە نۆرس پرێس بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئەرکەکانی کۆمسیۆن بریتین لە ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران بۆ ئەوانەی مەرجی دەنگدانیان تێدایە، پەسەندکردنی لیستی قەوارە سیاسییەکان و سەربەخۆکان، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن، و بڕیاردان لەسەر کەیسەکانی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

ئامادەکردنی: زانا ئەلعەلی – دارشتنەوەی: محەمەد قازی