لە ئەنجامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری حەلەب 38 کەس کوژران

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز كە لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ئاشکرای کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کە چەند شوێنێکی شاری حەلەبی باکووری سوریای کردە ئامانج 38 کەس كوژران کە پێنجیان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان بوون.

هەر ئەمڕۆ دەزگای سانای حکومی ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک هاووڵاتی و سەرباز کوژراو و برینداربوونە، لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئیسرائیلی کە ژمارەیەک خاڵی لە گوندەواری حەلەب کردووەتە ئامانج.

هەروەها وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاندووە، لە کاتی هێرشەكانی ئیسرائیلدا، چەند ناوچەیەک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب،

بۆردومانکراون، لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی و سەرباز کوژراون.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ئاشكرای كردووە، پێنج چەکداری حزبوڵڵا لەنێو کوژراوەکاندا هەن، یەکێک لەو سەرچاوانەش ڕایگەیاند یەکێک لە كوژراوەكان فەرماندەیەکی مەیدانی ناوخۆییە و براکەی لە بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ باشووری لوبنان لە مانگی تشرینی دووەمدا کوژراوە.

لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکان نەداوە.

داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی