بەرشەلۆنە چاوی لە یاریزانێکی ئارسیناڵە

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

ئاژانسە رۆژنامەوانییە ئیسپانیەکان ئاشکرایانکرد، کە یانەی بەرشەلۆنە چاوی لەسەر یاریزانێكی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزییە، بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی لە میانی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

یانەی بەرشەلۆنە هەوڵی گواستنەوەی جۆرجینۆی ئیتاڵی دەدات بۆ ریزەکانی، کە یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە و لە کۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەستەکەی کۆتایی دێت و تا ئێستاش یانەکەی داوای لێ نەکردووە.

بەگوێرەی رۆژنامەی “سپۆرت”ی ئیسپانی، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنای جۆرجینۆ نوێ نییە لە بەرشەلۆنە، بەو پێیەی یانەکە ماوەی چەند وەرزێکە بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ جواو سانتۆسی بریکارەکەیدا هەیە، پەیوەندییەکانیش نەبوونەتە هۆی تەواوکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یاریزانە.

سانتۆس لە زیاتر لە بۆنەیەکدا رایگەیاندبوو، کە جۆرجینۆ دڵخۆش دەبێت بە گواستنەوەی بۆ خولی ئیسپانی، بە تایبەتی بۆ بەرشەلۆنە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو قەیرانە داراییەی کە بەرشەلۆنە تووشی دەبێت، جۆرجینۆ دەکاتە ئامانجی سەرەکی، بەتایبەتی کە یاریزانێکی ئازاد دەبێت و بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستیش لە پێشینەی کارەکانی ئیدارەی یانە كەلۆنیەكەدایە.