ئەمریکا: ئیسرائیل هەموو ئەو چەکانەی بەدەستنەهێناوە کە داوای کردبوون

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، جەنەڕاڵ چارڵز کیوبراون رایگەیاند کە ئیسرائیل هەموو ئەو چەکانەی بەدەستنەهێناوە کە داوای کردوون، بەشێکیش لەبەر ئەوەیە کە رەنگە هەندێکیان کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئامادەیی سوپای ئەمریکا و سنووربەندی تواناکانیان.

واشنتۆن ساڵانە هاوکاری سەربازی بە بەهای 3.8 ملیار دۆلار پێشکەش بە ئیسرائیل دەکات کە هاوپەیمانی دێرینی ئەو وڵاتەیە.

ئەمەریکا گەیاندنی بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل خێراتر دەکات، بەڵام بەشێک لە دیموکراتەکان و گروپێکی عەرەبی ئەمریکی رەخنەیان لە پاڵپشتی بەردەوامی ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن بۆ ئیسرائیل گرتووە، کە بە گوتەی خۆیان هەستێکی بێ سزایی بە ئیسرائیل بەخشیوە.

براون گوتی: هەرچەندە ئێمە بە توانا پشتگیریان دەکەین، بەڵام هەرکاتێک داواییان کردبێت وەریان نەگرتووە.

ناوبراو لە گوتارێکدا لە میانی بۆنەیەکدا، کە لەلایەن گروپی نووسەرانی بەرگرییەوە بۆ رێکخراوە رۆژنامەوانییە بەرگری و ئەمنییەکان بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەشکرد، “بەشێک لە هۆکارەکان ئەوەیە، داوای ئەو چەکانەیان کردووە، کە ئێمە توانای دابینکردنیمان نییە یان نامانەوێت لە ئێستادا دابینی بکەین”.

کاپتنی هێزی دەریایی گرێل دۆرسی لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ کۆگاکانی ئەمریکا و هەر کاریگەرییەکی ئەگەری لەسەر ئامادەییمان دەکەین بۆ دیاریکردنی تواناکانمان بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییە پێویستەکان”.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەمریکادا نییە، ئەمریکا بەردەوامە لە هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ ئیسرائیلی هاوپەیمانمان لەکاتێکدا بەرگری لە خۆی دەکات لە دژی حەماس.