سوپای ئیسرائیل چواردەووی دیمەشق بۆردوومان دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیلی باڵەخانەیەکی لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشووری دیمەشقی پایتەخت کردە ئامانج، کە پێدەچێت وەک بنکەیەک بۆ میلیشیاکانی ئێران بەکارهێنرابێت.
لە 19ی ئەم مانگەدا بۆردومانی ئیسرائیل خاڵە سەربازییەکانی ناوچەی یەبرودیان لە گوندەواری دیمەشق کردە ئامانج.
سەرچاوەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، بۆردومانەکە کێڵگەیەکی ناوچەی سەیدە زەینەبی کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
ئاژانسی “سانا” لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، بۆردومانەکەی ئیسرائیل، کە لە ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلانەوە لە باشووری سووریاوە ئەنجامدراوە، بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی سڤیلی برینداربوون و جگە لەوەش زیانی ماڵی گەیاندووە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئیسرائیل زیاتر لە جارێک شاری دیمەشقی بۆردومان کردووە و سەرکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و سەرکردە باڵاکانی سەر بە ئێرانی لە ناوچەکە کردۆتە ئامانج.