تورکیا دەیەها پەنابەری سووری بۆ گرێ سپی داگیرکراو دیپۆرتکردەوە

گرێ سپی داگیرکراو – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 135 پەنابەری سورییان لە دەروازەی سنووری گرێ سپیەوە لەگەڵ تورکیا، لە بەشە داگیرکراوەکەی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیاوە، دیپۆرتکردەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ راپۆرتێکی مافی مرۆڤ کە سەرکۆنەی ئەو پێشێلکاری و دیپۆرتکردنەوە زۆرەملێیانە دەکات، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، دژ بە پەنابەرانی سوریی پەیڕەو دەکرێت.

لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆدا، هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەزاران پەنابەری سوورییان دیپۆرت کردووەتەوە، یان فشاریان خستوونەتە سەر، بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان جێبهێڵن و بەرەو ناوچەی دوورەدەست لە گرێ سپییان بگوازنەوە لە رۆژئاوای کوردستان، کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە و بارودۆخی مرۆیی تیایدا ترسناکە.

کارگێڕێکی دەروازەی گرێ سپی بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا 135 هاووڵاتی سوورییان بە زۆرەملێ دیپۆرتکردووەتەوە کە 28 یان ژن و منداڵ بوون.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لە مانگی رەمەزاندا خێرایی دیپۆرتکردنەوە زیادیکردووە.

ئادەم کوگڵ، جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ دەڵێت: “ئەوەی تورکیا پێیدەڵێت گێڕانەوەی خۆبەخشانەی بۆ ناوچە سەلامەتەکان” گێڕانەوە یان دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێیە و پڕە لە مەترسی و بێهیوایی.

بە گوتەی کوگڵ، بەڵێنی تورکیا بۆ دروستکردنی “ناوچەی ئارام” بێمانایە، چونکە سورییەکان خۆیان بە ناچاریی گەشتی پڕ مەترسی ئەنجام دەدەن، بۆ دەربازبوون لە بارودۆخی نامرۆڤانە لە گرێ سپی داگیرکراو.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش