تلتەمر – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، تەرمی ئەو کچە دۆزرایەوە کە هەشت رۆژ لەمەوبەر لە رووباری زەرگان لە باکووری حەسەکە خنکا.
نەرمین خەلیل (15 ساڵ) لەکاتی کۆکردنەوەی دار و دەوەن، لە نزیک رووبارەکە، بە هاوڕێیەتی ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی، لە گوندی ئەلعەرادە لە گوندەواری شارۆچکەکە، کەوتە ناو رووبارەکەوە.
خالد ئۆسۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شارۆچکەی زەرگان بە نۆرس پرێسی راگەیاند، خێزانی کچەکە توانیویانە تەرمی کچەکە لە نزیک گوندی گرێ مێری بدۆزنەوە کە نزیکەی 8 کم لە شارۆچکەکەوە دوورە.
ئەو منداڵە، رۆژی 19ی ئازار، لە کاتی کۆکردنەوەی دارە وشکهەڵاتووەکاندا لە نزیک رووبارەکە، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی، لە گوندی ئەلعەرادە، کەوتە ناو رووباری زەرگانەوە، کە یەکێکە لە لقەکانی رووباری خاپوور لە شارۆچکەکە.
بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەمدواییە، لافاو کچەکەی بۆ ناو رووبارەکەوە راکێشاوە و نەتوانروە رزگار بکرێت.
رووباری زەرگان لە خاکی تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت و بە شارۆچکەی زەرگاندا تێدەپەڕێت و لە شارۆچکەی تلتەمر لە باکووری حەسەکە دەڕژێتە ناو رووباری خاپوورەوە.