هەسەدە وردەکاری هێرشەکەی سەر بارەگاکەیانی لە رەققە بڵاوکردەوە

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات وردەکارییەکانی ئەو هێرشەکەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆیان بڵاوکردەوە، کە بارەگای ئەنجومەنی سەربازی رەققەی کردە ئامانج، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارەکە و بووە هۆی ئەوەی دوو پاسەوانی ئەنجومەنەکە شەهید بن.

لە راگەیەنراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان بڵاویانکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “کاتژمێر 12 و نیوی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرمانگەیەکی کارگێڕی سەر بە ئەنجومەنی سەربازیی رەققە لە گەڕەکی دەرعییە لە رۆژئاوای رەققە، لەلایەن تیرۆریستێکی چەکدارەوە کەوتە بەر هێرشی تیرۆریستی.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو پاسەوانی ئەنجومەنەکە، ئەمە جگە لە برینداربوونی هاووڵاتییەکی سڤیلی دیکەش.

هەسەدە لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێ، دوای راوەدوونان و بریندارکردنی، توانیویانە یەکێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیربکەن.

دەشڵێن، هەموو بەڵگەکان و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێدەچێت شانەکانی داعش لە پشت هێرشەکەوە بووبن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی