بۆ پاراستنی میراتێکی بنەماڵەیی، گەنجێکی قامیشلۆ بەردەوامە لە بەخێوکردنی هەنگ

سلێمان عەبدوڵڵا چاودێری شانە هەنگەکان دەكات بۆ پاراستنی کوالێتی هەنگوینەکەی - نۆرس پرێس

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بۆ چەندین نەوەیە، پیشەی هەنگەوانی بنەماڵەی سولەیمان لە گوندەواری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، بەشێکی دانەبڕاو بووە لە میراتەکەیان.

ئەم گەشتە 15 ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد، کاتێک سلێمان عەبدوڵڵا (42 ساڵ) بڕیاریدا بە ناوچە جیاوازەکاندا بگەڕێت بۆ دۆزینەوەی دار و گوڵی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین، هەروەها پەرەپێدانی تواناکانی لەم بوارەدا.

سلێمان خەڵکی گوندی بەیاندورە لە رۆژئاوای تربەسپی سەر بە قەحتانییە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نۆرس پرێس، باس لەوردەکاریی پڕۆژەکەی دەكات، کە لەگەڵ كوڕی براكەی بەڕێوەی دەبات، لەوێ کار لەسەر بەخێوکردنی هەنگ دەکەن لە کێڵگەیەکی نزیک گوندەکەیان.

ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵەکانی سولەیمان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی میراتێکی خێزانیی کۆن، بەو پێیەی توانیان ئامانجەکەیان بەخێوکردنی ژمارەیەکی زۆر لە شانە هەنگەکان بەدرێژایی ساڵان بەدەستبهێنن.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات: لە سەرەتادا باوکم سێ شانەی هەنگی هەبوو، دوای دوو ساڵ چاودێریکردنم، بوو بە 30 شانە، بەڵام تەنها پێنجیان لە نەخۆشی ڕزگاریان بوو.

لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت، پێنج شانە بەس بوو بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە زاوزێکردن بکەنەوە، ئێستاش 140 شانەی هەنگم هەیە.

سلێمان و برازاكەی بە وردی چاودێری کاروباری هەنگەکان دەکەن بۆ پاراستنیان لە نەخۆشی و شانە بەهێزەکان هەڵدەبژێرن، هەروەها شانەکان دەگوازنەوە بۆ لەوەڕگەی گونجاو بەپێی وەرزەکان بۆ دڵنیابوون لە بەدەستهێنانی زۆرترین بڕی هەنگوین و پاراستنی كواڵێتی هەنگەکان.

بەرهەمی یەک شانەی گەورە ساڵانە بە گشتی دەگاتە نزیکەی 10 کیلۆ هەنگوین، لەکاتێکدا شانە بچووکەکان لە نێوان دوو بۆ حەوت کیلۆگرام هەنگوین بەرهەم دەهێنن . نرخی یەک کیلۆ هەنگوین لە بازاڕە ناوخۆییەکان لە نێوان 200 بۆ 300 هەزار لیرەی سووریدایە.

لەلایەكی دیكە هەنگەوانان، نیگەرانن لە گرانبوونی پێداویستییەکانی بەخێوکردن و دەرمانەکان، جیا لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان کە تووشی هەنگ دەبن.

سەرەڕای خراپی دۆخی ئابووری و سەختی ژیان، بەڵام  ئەو خێزانە و هەنگەوانانی تر بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی هەنگوینی سروشتی، ئەمەش بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی ئابووری ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی میراتی کشتوکاڵی ناوچەکە.

داڕشتنەوەی: محەمەد حەبەش