وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕەتیدەکاتەوە هێرشی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دابێت

دێرەزوور- نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕەتیکردەوە هێرشی ئاسمانییەكەی، بەرەبەیانی دوێنێ بۆ سەر شاری دێرەزوور و گوندەوارەكانی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەلایەن ئەمەریكاوە ئەنجام درابێت.

لە هێرشە ئاسمانییەکاندا 13 کەس کوژران کە یەکێکیان فەرماندەیەکی ئێرانی بوو بە پلەی عەقید و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندار بوون، وەزارەتی دەرەوەی سوریاش دەستدرێژییەکانی ئەمریکای سەركۆنە کرد و ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل ڕۆڵ دەگۆڕنەوە لە ئەنجامدانی کردەوەی شەڕانگێزانە لە ناوچەکەدا.

سابرینا سینگ وتەبێژی پنتاگۆن لە واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو هێرشی ئاسمانیمان بۆ سەر سوریا ئەنجام نەداوە.

لەکاتێکدا میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە ڕاوێژکارێکی سوپای پاسدارانی ئێران لەو هەڵمەتانەدا کوژراوە، بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتییەكەی ئاشکرا بکات.

لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی هەواڵگریی ناوچەکەوە بڵاویکردەوە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان چەندین هێرشیان بۆسەر دوو شوێنی ناو شاری دێرەزوور و بوكەمال دەستپێکردووە، کە پێگەكانی سوپای پاسدارانی ئێرانی لێیە.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش