لە گوندەواری دێرەزوور ئەندامێکی حکومەت کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو

دێرەزوور- نۆرس پرێس

دوێنێ، بەهۆی هێرشی دوو چەکداری نەناسراو بۆ سەر هێزەکانی حکومەت لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا، ئەندامێکی هێزەکانی حکومەت کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی سەربازی لە هێزەكانی حكومەت به نۆرس پرێسی راگەیاند دوو چەکداری نەناسراو به ماتۆڕسکیل له نزیک دەروازەی بازاڕی شاری مەیادین له گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور گەڕێكی سەربازییان كردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەش كرد، له ئەنجامی هێرشەكە سەربازێك بە ناوی بەسام ئیبراهیم (41 ساڵ) كوژرا و سەربازێكی دیكەش بریندار بوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەیشی خستەڕوو رۆژی دووشەممە، لە نزیک قوتابخانەی عەبدول مونەعیم لە سەنتەری شارۆچکەی مەیادین، هێرشی کراوەتە سەر گەڕێكی هاوبەشی ئەمنی و عەسكەری و شورتەی عەسكەری، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ بریندار و گیان لەدەستدانێكی لێبکەوێتەوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی