دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی بەندەرەکان بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و بای بەهێزەوە جموجۆڵی لە سەرجەم بەندەرەکانی سووریا راگرت.
دوێنێش، شادی جەویش، سەرۆکی ناوەندی پێشبینی کەشناسی، هۆشداریدا لە بەهێزبوونی با لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا و رایگەیاند، کە خێرایی با هەندێکجار دەگاتە 90 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بەرزی شەپۆلەکانی دەریاش دەگاتە 3.5 مەتر.
لە کاتێکدا بەرێوەبەرایەتی گشتی بەندەرەکان بڕیاریدا بەندەرەکانی بازرگانی لە لازقییە و تەڕتووس و بەندەرەکانی ماسیگرتن و سەیران کردن، تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە ڕاگیرێت.
ئیدارەی بەندەرەکە هۆشداریدا لە دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دەریا، بۆ خۆپاراستن لە هەر حاڵەتێکی لەناکاو و دڵنیابوون لە سەلامەتی گشتی، بەهۆی خراپی بارودۆخی کەشوهەوا و بەرزی شەپۆلەکان و زیادبوونی خێرایی باوە.
دوێنێ بای بەهێز زیانی بە جووتیارانی دەشتی عەکار گەیاند، لە تەڕتووس، ئەمەش لەکاتێکدایە پسپۆڕانی کەشناسیش هۆشداریاندا، سەبارەت بە کاریگەرییەکانیان با لە سەر ژوورە پلاستیکیەکان.