هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی عێراق بەسەرۆکایەتی، ناسر ئەسەدی راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری گواستنەوە و گەیاندن، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئاماژەی بەوەکراوە، ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە و گەیاندن، بە یاوەری ھەریەک لە یونس خالید، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ھێڵی ئاسنین لە عێراق و سەفا جەبار ناسر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان”، گەیشتووەتە ئەنقەرە، مەبەستی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” و گرتنەبەری رێوشوێن و رێکارەکان، لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆژەکە و تاوتوێکردنی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا.
بە گوتەی باڵیۆزەکەی عێراق، ئەمە تەواوکەری ئەو کۆبوونەوانەن کە لە ماوەکانی رابردوودا لە نێوان ھەردوولا لە بەغدا و ئەنقەرە بۆ تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی پرۆژەکە ئەنجامدراون.
رێگای گەشەپێدان، رێگاکانی وشکانی ئاسنینە، لە بەندەری فاوەوە بەدرێژایی ھەزار و 200 کیلۆمەتر بەرەو تورکیا و ئەورووپا درێژدەبێتەوە.