شاندێکی بازرگانیی سوریا مانگی داهاتوو سەردانی سعوودیە دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ژووری بازرگانیی سووریا ئه‌مڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، لە مانگی نیسانی داهاتوو شاندێکیان سەردانی شانشینی سعودیە دەکات، بە ئامانجی باشترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ساڵی ڕابردوو ژووری بازرگانی سووریا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی سعوودیە ئەنجامدا بۆ دووباره‌ کردنەوەی ڕێگەی هاریکاری ئابووری و دەستپێکردنەوەی چالاکی بازرگانی و وەبەرهێنان  له‌ نێوان هەردوولا.

محەمەد ئەبو له‌حام سەرۆکی یه‌كێتی ژوورە بازرگانییەکان، بە ڕۆژنامەی نیمچە فەرمیی ئەلوەته‌نی ڕاگەیاندووە، سەردانەکە لە بیست چواری مانگی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی هه‌شت مانگ لەمەوبەر دەسەڵاتدارانی سعودیە ڕێگەیان بە هەناردەکردنی کەرەستە و کاڵاکان لە سعودیەوە بۆ سوریا داوە، ده‌شڵێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێش شەڕی سوریا گەورە و زۆر کراوە بوو، هەروەها هەموو کاڵا و بەرهەمە سورییەکان هەناردەی سعودیە ده‌كران.

داڕشتنه‌وه‌ی: عەبدولسەلام خۆجە