
هەسەدە كوژرانی سەرکردەیەکی داعش لە رەققە رادەگەیەنێت
رەققە – نۆرس پرێس
یەکینەکانی دژە تیرۆری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کوژرانی سەرکردەیەکی ڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش)یان لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی وردی ئەمنی لە رەققە، بە پاڵپشتی و پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیاند.
هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “دوێنێ یەکینەکانی دژەتیرۆری هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی وردی ئەمنییان ئەنجامدا بۆ بە ئامانجگرتنی سەركردەیەكی پارەداركردنی شانەکانی داعش لە سەنتەری شاری رەققە .
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە پاڵپشتی و بەشداری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە.
ڕوونیشیکردەوە، هێزەکانی هەڵیانکوتایە سەر شوێنی سەرکردەیەك لە داعش بە ناوی (سەمیر خدر شەریف الشیحان) کە بەڕەگەز عێراقییە و دوای گەمارۆدانی شوێنەکە و بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانیان، “هەسەدە” وەڵامی دایەوە و توانیان بیکوژن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر ئەو چەک و کەلوپەلانەی لەبەردەستیدا گیراوە، لەوانە مۆبایلی زیرەک، دەمانچە، کامێرا و سەرجەم کاغەزی ناسنامەی کەسی.