ئەنچیلۆتی: ریال مەدرید لە مباپێ گرنگترە

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

کارلۆ ئەنچیلۆتی، ڕاهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هۆکاری ڕەتکردنەوەی ئەو ئۆفەرەی بۆ ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەڕازیلی پێشكه‌شی كرابوو، ئاشکرا کرد.

کارلۆ ئەنچیلۆتی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ئەو ئۆفه‌ره‌ی بەڕازیل، لە لێدوانێکدا بۆ سکای سپۆرتی ئیتاڵی وتی: چونکە لە مەدرید هەستێکی زۆر باشم هەیە، دۆخەکە نایاب و ناوازەیە.

ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە دەشڵێت: زۆر دڵخۆشم کە لە مەدریدم و ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدریدم. ئه‌و پرسیاره‌ش ئاڕاسته‌ی ئەنچیلۆتی کرا كه‌ تۆ لە ڕیال مەدرید دڵخۆشیت و ئێستاش مباپێ دێت ڕاستە؟ لە وەڵامدا وتی: لەبیرت بێت گرنگترین شت ڕیال مەدریدە. یانەیەکی گەورەیە، شانازی دەکەم کە ڕاهێنەری ئه‌و یانه‌یه‌.

گرێبەستەکەی مباپێ لەگەڵ پاریس سان جێرمان لە هاوینی ئه‌مساڵ کۆتایی دێت، یاریزانەکەش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یانە فەرەنسیەکەی ئاگادار کردەوە کە بە خۆڕایی له‌ یانه‌كه‌ ده‌ڕوات.

راهێنه‌ری ریال مه‌درید راشیده‌گه‌یه‌نێت: میلان و ڕیال مەدرید دوو یانەی مێژوویین، ئەوان زیاتر لە هەموو یانەکانی تر نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەستهێناوە، من بەختم هەیە ڕاهێنەری هەردوو تیپەکە بوومه‌.